مەسعوود محەمەد
کتێبی «وردبوونەوە لە چەند باسێکی
ڕێزمانی کوردی» بریتییە لە دوو گوتاری سەربەخۆ:
یەکەم:
«بەکارهێنانی «ی» لە زمانی کوردیدا» - وەشانی یەکەم: گۆڤاری کۆڕی زانیاری کورد، بەرگی یەکەم، بەشی یەکەم ساڵی 1974
دوەم: سووڕێکی خامە بە دەوری ڕاناودا – وەشانی یەکەم: گۆڤاری کۆڕی زانیاری کورد، بەرگی دوەم، بەشی یەکەم، ساڵی 1974

لە چاپکراوەکانی کۆڕی زانیاری کورد
چاپخانەی کۆڕی زانیاری کورد
بەغدا – 1974

 

پوختەی گوتە ئەوەیە تا ئێستا ئەوەی لە باری مێژووی زمانی کوردی و لەهجەکان و فەرهەنگ و ئەدەب و فۆلکلۆریەوە دەزانین هەر ئەوەیە کە لە هەڵکەوتی ئێستاکە و ڕابردوویەکی زۆر نوێ بۆمان دەردەکەوێ، هەرچی هۆی بەستنەوەی ڕابردووی کۆنی بە ئێستاکەیەوە هەیە لێمان بزرە. پاشماوەی زەردەشت و ئاڤێستا، بە نیسبەت زانستی ئێستامانەوە، بە تەواوی پچڕاوەتەوە لە ڕۆژگاری دوا خۆیانەوە. کەمتاکورتێک لە زانیاری مامۆستاکانی ئەم چەرخە دەربارەی ئاڤێستا و نزیکی و دووری لە کوردی ئەم ڕۆژانەمان بایی ئەوە ناکا چ هەنگاوێکی گرنگی پێ باوێین بەرەو دۆزینەوەی پەیوەندی میانی زمانی کوردی ئەوسا و ئێستا و جۆر و هۆی گۆڕانی لە شکڵی کۆنیەوە بۆ هی چەرخەکانی نوێی.

پڕ کردنەوەی بەتاڵایی و کەلەبەر لە زانستەکانی ‌«‌کوردناسی‌»‌ دا بەندە بە چالاکی پسپۆڕانەی ئارکایۆلۆجییەوە: بە لای باوەڕی منەوە ئیمکان نییە نەخشەیەکی مەفهوم و قەناعەت هێنی مێژووی بەسەرهاتی کورد و زمانی کوردی بکێشرێ بەر لەوەی زاناکانی ئاسار لە ژێر خاکی کوردستانەوە مەعلومات بەسەر بخەن. دەبێ سینەی گۆڕستانی مێژووی کورد کە خاکی کوردستانە لە چەندین جێگە ماسیدڕی لێبدرێ و چین چین ڕابردووی بە سەر یەکتردا تەپیوی وەک پەڕەی کتێبێ شڕ هەڵدرێنەوە و واتاکانیان لێک بدرێنەوە. زانایانی ئاسار کاری یەکجار گرانتریان کردووە لە دەرهێنانەوەی مێژووی کورد کە میللەتێکی زیندووە و بە خۆی و مەفتەنیەوە درێژەی ئەو ڕابردووە ژێر خاک بوویەوە: مێژوو زمانی گەلێک میللەتی لە ناو چووی خرانەوە سەر ڕووپەڕەی زیندەگانییەوە و بوونەوە زانیاری سەرەتایی کە لە فێرگەکان بە دەرس دەخوێندرێن، وا هەیە ڕێزمانیشیان دۆزراوەتەوە و کتێبی لە سەر دانراوە...

«وردبوونەوە لە چەند باسێکی ڕێزمانی کوردی»