«نووسەر، نووسین و ئازادی» تەرجەمەی دوو دیمانەی مامۆستان،

-         یەکەمیان «کۆڕێک بۆ مشتومڕی بیروڕا» لە لایەن «سەلیم شەریڤ» ـەوە ساز کراوە و ڕۆژنامەی «ئەلقادسییە» سەرەتای 1989 پەخشانی کردووە.

-         دووەم دیمانە دەستنووسە، نە کاتی دیارە نە دیمانەکار: «نووسەر، نووسین و ئازادی».

تەرجەمەی لە عارەبییەوە سایتی مامۆستا: www.mamosta.net
دیزاینی بەرگ: محەمەد زانکۆ
ستۆکهۆلم پاییزی 2013

 

 

پرسیار: ڕەخنە لە ڕۆژنامەگەریی عیراقی چییە؟

ڕۆژنامەگەری لای ئێمە بەشێکە لە دەزگەی ڕاگەیاندن، بەشێکی چالاکی خاوەن ڕەهەند و نێوپێو بۆ پەخشانی بۆچوونی فەرمی دەربارەی هەر دۆزێکی کەمێک گرینگیی هەبێت. بەوەش بزاوتنی، گواستنەوەی، دەربڕینی ئەم ڕۆژنامەگەرییە لە چێوەی ئەو سیاسەتەدا دەمێنێ کە دەستەبەر و ڕاگەیاندراوە. ئەمیش هەر وەک ئەو حیزبە مۆڵەتدارانە کە دەبنە پەلوپۆ بۆ «حیزبی بەعس - حزب البعث العربي الاشتراکي» ی خاوەن «30-17 تەمووز 1968» کە وەک گشت حیزبێکی دیکەی شۆڕشگێڕ ڕایگەیاندوە کە هاتووە بۆ ئەوە بمێنێ. ئەم حیزبە ئەنجومەنێکی سەرۆکایەتیی شۆڕشگێڕ ڕێبەرایەتی دەکات و لە هەموو کاروبارێکدا خاوەن بڕیاری یەکەم و کۆتایە، بەشێوەیەکی ڕەها بۆ درشتەکان، وردەکانیش گەر مەبەستی بێ.

بڕیارەکانی «ئەنجومەنی ڕێبەرایەتیی شۆڕش – مجلس قیادة الثورة» مشتومڕ هەڵناگرن، بەڵکوو هەم دەستوورن، هەم فەرمانی دادگەن هەم جێبەجێ کردن. کەواتە ڕۆژنامەگەری لای ئێمە بە ئەنجامگیریی ئەم ڕوانگەیە دەکاتەوە گواستنەوەی بیروڕای دەوڵەت، هەر وەک چۆن تەلەڤیزیۆن و ڕادیۆ دەیگوازنەوە، ئەوجا بە پەراوێزی نمایشکاری و بیانووکاری دەورەی دەدات و لەمەشدا هونەر و بلیمەتیی خۆی دەخاتە کار. لەم کارەشدا هیچ ڕێگەیەکی دیکەی نییە بیگرێتە بەر و تەنانەت بیریشی لێ ناکاتەوە چونکە ملکەچ کردن بۆ فەرمانەکانی سەرۆکایەتیی بەرپرس دەکاتەوە پێوەری نیشتیمانپەروەری و دڵسۆزی بۆ گەل و میللەت و هەروەها بەهای باڵا لە شکۆمەندیی مێژوودا.

لەم مەیدانە بەرین و گرینگەدا ڕۆژنامەگەریی ئێمە نۆرەیەکی سەربەخۆی نییە، ئەمەش دیاردەیەکی ڕیزپەڕ نییە گەر لە ڕوانگەی ئەم دوو ڕاستینەیەوە سەیری بکەین: یەکەمیان ئەوەیە لەسەرەوە ئاماژەم پێ دا کە ڕۆژنامەگەری لە گشت وەڵاتێکی شۆڕشگێڕدا دەبێتە زمانی دەسەڵاتە شۆڕشگێڕەکە یان لە پاڵ دەستاوێژەکانی دیکەی ڕاگەیاندن و بەیان کردن دەبێتە یەکێک لە زمانەکانی ئەو دەسەڵاتە. بەوەش پێگەی ڕۆژنامەگەری هەر وەک پێگەی بابای پۆستەچی و ئامێری تەلەفۆنی لێ دێت کە ئەرکیان سنووردارە بە گواستنەوە و گەیاندن.

تەنانەت بابەتی سەربە بواری فەرهەنگیی گشتیش تەنها لە هێڵێکدا دەخرێنە بەرباس هاوشان بێت لەگەڵ هێڵی سیاسەتی گشتیدا چونکە شۆڕش هەتا هەناسەی تێدا بێ هەر خۆڕسک سیاسەتێکی گەرم و سووتێنەرە. ئەوەتا لە ئەتیوپیا و ئەفغانستان و دەوڵەتانی دیکەی شۆڕشگێڕ هەر خۆیەتی دەبێتە سیاسەت، جڤاک و ئابووری هەتا بە هۆی هەلومەرجی لەخۆ گەورەتر نۆرەی نامێنێ.

ڕاستینەی دووەمیش ئەوەیە کە مێژووی عارەبایەتی و ئیسلام ئەوەتەی هەن بۆ تاکە جارێکیش ئەزموونێکیان نەبووە دەسەڵات ڕێ بە ڕەخنە گرتن و لێ ڕاسان بدات. تەماشای ڕۆژنامەی دینیی ئەم ڕۆژگارە بکە دەبینی پەنا دەباتە بەر لۆژیکێک داوای دەسەڵاتێک دەکات جیاوازیی بیروڕای تێدا نەبێ. تەنانەت «شورا» ش هەرگیز ئاوڕدانەوە نەبووە لە بۆچوونی زۆرینە، ئەوەتا خەلیفەی سێیەم لە نێوان شەش کەسدا هاتە هەڵبژاردن، خۆ کەس پرسی بە خەڵکی «مەدینەی مونەوەرە – المدینة المنورة» نەکرد گەرچی لەوێ ئامادە بوون و دەکرا پرسیان پێ بکرێت. بیانوو بۆ ئەو دیاردەیە زۆرن و لەوانەیشە دروست بن بەڵام لە ئەنجامدا هەر دەبنەوە بەڵگەی نەبوونی شوورا لە مێژووی ڕۆژهەڵاتدا. کاری ئێمەش لێرەدا تەنها نمایشی داکەوتێکی زیندووە بە ڕۆژنامەگەریی خۆیەوە نەک پێشکەش کردنی چارەسەر و بژارە.

بەبیرم دێ چەند ساڵێک بەر لە ئێستا بەرپرسێکی هەرە گەورەی عیراقی بەرانبەر کەسانێکی میوان لە وەڵاتێکی عارەبییەوە هاتبوون، ڕایگەیاند کە ڕۆژنامەگەری لە وەڵاتی ئەوان باشترە. دیارە ناچاریی فەرمانی خۆی هەیە.

«...»

 

«نووسەر، نووسین و ئازادی»

 

 

بۆ سەرچاوەی دیمانەی یەکەم بڕوانە « ندوة في جدل الأفکار»

بۆ سەرچاوەی دیمانەی دووەم بڕوانە «عشر نقاط تعبر عن فلسفتک في الکتابة»

«...»