مەسعوود محەمەد
چەند حەشارگەیێکی ڕێزمانی کوردی

کۆڕی زانیاری کورد، بەغداد 1976

 

... من بەو دوو ڕاستییە خۆم دابین دەکەم لە وەرام دانەوەی ئەو کەسەی درێژە پێدان لە نووسینی کوردی دەکاتە عەیب لە حاڵێکدا هەمان درێژەی نووسین لە زمانێکی تردا بە کارێکی ڕەوا دەزانێت، لەوە بەولاوە کە بێم سەیری دەستبەتاڵیمان بکەم لە لێکدانەوە و لێکۆڵینەوە و تۆژینەوە و کێشانە و پێوانەی هەموو ئەو بابەتانەی کە پێوەندییان بە کورد و کوردستان و کوردییەوە هەیە یەکسەر، بێ تێخوێندنەوەی بەراورد کردن لە نێوان کوردیی هەژار و زمانە دەوڵەمەندەکاندا، دەستەویەخەی نووسەری کورد دەبم و داوای نووسینی پتر و درێژتر و پانتر و قووڵتر و وردتری لێ دەکەم و لەو شتانەی دەربارەی کوردناسییەوە دەیاننووسێت چونکە ئێمەی کورد بە خۆمان و ڕابردوومان و وڵاتمان و زمانمان و کۆمەڵایەتیمان و ئێستامان و دواڕۆژمانەوە لە ناخی تاریکاییدا ڕۆچووین و چ ڕووناکایی ئەوتۆ شک نابەین خۆمانی پێ بناسینەوە. لە حاڵەتێکدا گڵۆپی هەزار مۆمی بەشی ڕوون کردنەوەی گۆشەیێکی تاریکی بوونمان نەکات، چۆن دەبێ وەتەنگ بێین لە چراقۆدیلە و فانۆس!!

میللەتی ئینگلیز دەزانێ زمانەکەی ئێستای موتوربەی چەند قەڵەمە و چ گۆڕان و بەرەوەپێش چوونێکی بەسەردا هاتوە، لەم زانینەشدا مێژووی وشەکان و ئەداتەکان و گەردانەکان و تێکبەستەکان و هەموو سەروبەرێکی ئاخاوتنەکەی خۆی دەزانێت، تەنانەت بەلایەوە ڕوونە ئەوەی لە ڕێزماندا پێی دەڵێن Apostrophe s لە کوێوە هاتوە.

ئایا ئێمە هیچمان زانیوە لە بارەی زیادیەکانی فعل ئەمر و هەندێ فعلی تری سلێمانی وەک بڵێرەوە، بچۆڕەوە - دەچێتەوەوانێ، گەیشتەوەوانی.. وەیا ڕاستی و هەڵەیی گۆڕانی لامی قەڵەو بە ڕێی ناسک لە شێوەی ئاخاوتنی کۆیێ و بەشێکی زۆری سۆران، وەیا سەرچاوەی گۆڕانی ڕاناوی لکاوی مان، تان بە ن، و لە پژدەردا وەیا هۆی نەهاتنی ڕاناوی لکاوی ڕابردووی تێپەڕ لە شێوە ئاخاوتنی کرمانجی سەروودا وەیا هاتنەوەی دەنگی ای فعلی ڕوودان بە دوا ئەو فعلانەی کە کۆتاییان بە ی دێت لە گەرمێندا وەک کە دەڵێن ڕزیا، خشیا.... لە جیاتی ڕزی، خشی وەیا و هەزاران وەیای تر؟

ئێمە لە بێدەسەڵاتیی خۆمانەوە ڕاهاتووین بەوەی ئەم دیاردە ڕێزمانیانە بە امر واقعی بێ نیاز لە تەفسیر وەرگرین، کەچی نازانین ئەگەر بەم خۆ ڕازی کرنـە ڕازی بین پێی ناوی لە سەرەتاوە خەریکی ڕێزمان بین دۆزینەوەی دەستوورەکانی ڕێزمان بۆ ڕوون کردنەوەی تاریکایی مەفهووم نەبوونی چۆنیەتیی ئاخاوتنە، ئەم دیاردانەش بەشێکن لەو چۆنیەتیە نامەفهوومە...

چەند حەشارگەیێکی ڕێزمانی کوردی