HhemaghayGewre_2.JPG

مەسعوود محەمەد

حەماغای گەورە

وەشانی یەکەم: وەزارەتی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن

دەزگای ڕۆشنبیری و بڵاو کردنەوەی کوردی

زنجیرەی ژمارە 146، بەغدا 1986

 

 

من يان يەکێکی وەکوو من کە خەريک دەبێ ترووسکەيەکی زێدەکزی ئاساری پياوەتی لە حاڵ و باری دالەنگاوی کورددا گەش دەکاتەوە بۆ بەرچاوی بينەری کورد حەزی دەکرد لە دەفتەری مێژووماندا ڕووپەڕەی وەکوو داستانی پەڕينەوەی ‌‌‌‌طارق کوڕی زياد بۆ بەری ئيسپانيا هەڵداتەوە نەک هەر خەريک بێ بەترس و لەرزی ناڕەزامەندی تازە خوێنەواری کورد ئابڕووی ئابڕوودارەکانمان لە مێرخاسە بەسەرچوەکانمان بپارێزێ. حەزم دەکرد نەک هەر يەک ئۆناسيس‌‌ بەڵکوو هەزاری وەکوو ئەومان لە خوێنمژی جيهانی هەبێ کەشتييەکانيان بە سەرگرانيەوە نەوت و کاڵای ميللەتانيان لە بەندەری ئۆدێسای ڕووسەوە بۆ نيويۆرکی ئەمەريکا بگوێستايەوە... تامەزرۆم، بمخوێندايەوە لەجياتی ئەوەی سپای نادر شای ئەفشار وڵاتەکەمان پێشێل بکات سپای کورد ڕاو و تەراتێنەی له دەوروبەری ئەسفەهان و تاران بکردايە. کاشکی مێژووی ئێمەش وەکوو هی ميللەتانی ديکە ڕووڕەش بوايه بەکاری دەسەڵاتدارانه و لەخۆبايی بووانه.

ئەگەر ‌‌‌‌شوێن پێ‌‌ لەڕووی زەوی نەسڕابايەوە، هەموو بستێکی خاکی کوردستان مۆرکی چەندين شوێنی چوارپەلی ئەسپی ڕاووڕووتکەری بێگانەی لێ نەقش بەستوو دەبوو، وەی کاشکی لە جياتی ئەوەی کورد خەريک بايە بە خۆ ڕزگارکردن لە ڕەوی سۆجەر و لێڤى ئينگليز، لەندەن ناچار بايە دەست بە هەواوە پێشوازی لەسپای کوردان بکردايە... چەند خۆش دەبوو بە درێژايی سێسەد ساڵ والی ئيزمير و ئەندرنه و ئەنقەرە کوردی کڵاشخواری شارەزوور بوايە، ئەدی ئێمە ناڵێين ميللەتان يەکسانن؟

ئيتر بۆ دەبێ ڕووڕەش بوون لە دەستدرێژی و تەماعکاری هەر بۆ والی تورکان بێ، چ قەيدی دەکرد 200 - 300 ڕووڕەشی کوردیش والی بوونایە لەو دنیایە پان و بەرینەدا!! بۆچی کەیفم بەوە بێت کچی کورد لە پێناوی حەياپارێزی خۆی هەڵاتووە يان خۆی بەکوشت داوه؟ بۆچی هەلی شەرەفپارێزی نەدەم بەکچی فارسيش لە دەست بێحەيايەکی کورد؟ چما کورد لەناو مەلاندا حاجی لەکلەکە لە دوورەوە بە حەيا و شەرمەکەيدا بناسرێتەوە؟ ئايا لە جياتی دەست سووربوون وەها باشە مل هەڵبڕاو و ورگ هەڵدڕاو و نامووس دازڕاو بين؟ هەڵبەت من نامەوێ خوێن لە لووتی هيچ کەسێک بێت، بەڵام من موناقەشەی ئەو بەهەڵەدا چووەی کورد دەکەم کە ناوی شۆڕشگێڕە زلەکانمان دەزڕێنن هەر چونکە لەبرسان نەمردبوون. ئايا لەبرسان مردووەکە هيچی پێدەکرا؟ ئێستاکەش هيچی پێدەکرێ؟

بابڵێين ئەو سەرۆک شۆڕشانە نەيانزانی چۆناوچۆنی شۆڕشگێڕی ڕاست و دروست بن، خۆ ئەوان نەچووبوون تکا بکەن لە داگيرکەر تاکوو بە خێری خۆی بێتە کوردستان و هەلی شەرافەتی شۆڕش بۆ ئەو سەرۆکانە ساز بدات، لە کەسيش داوا ناکرێ دەبوو پتر عاقڵ بێ لەوەی هەبوو. کە سەرۆکەکان نەيانزانی چۆن بکەن خۆ کەسی ديکە نەهاتە پێش بڵێ من زانای دەوران و ڕۆڵەی خەباتی پێشڕۆم تا ئەگەر يەکێک لەو سەرۆکانە ڕێی لێگرت به ستەمکاری لەقەڵەم بدەين. بە هەمەحاڵ قسە کۆتايی نايەت، منيش لەکورتی دەيبڕمەوە و دەڵێم سەر فروو دێنم بۆ ئەو شۆڕشگێڕانەی خۆيان کردە چرای ڕێی خەبات و پێيەوە سووتان، شەرەفيشيان لە مێژوو گەورەتر خۆ دەنوێنێ بەوەدا کە دەيانتوانی وەکوو ئيمامی حەسەن مەسڵەتی لەگەڵ معاويەدا بکەن کەچی ڕێی ماڵکاولييان گرتەبەر. ڕێزی بێپايانم هەيە بۆ ئەو دەسەڵاتدارانەی لێرە بەپێشەوە کە بەپێی سەردەمی خۆيان بايی توانا چاکەيان بۆ خەڵق بووە، هيچيش بەتەما نيم لە کەسيش ناسەلمێنم بۆ هەڵسەنگاندنی ڕەفتاريان عەیارەی خوازراوەیان لێ بەکار بهێندرێ. ئەوان کوڕی ڕۆژگاری خۆيان بوون و بۆ ئەو سەردەمە دەژيان، ئێمەش بۆ سەردەمی خۆمان، يان هەر نەبێ لەسەردەمی خۆمان دەژين. نە لێمان داوا دەکرێ نە پێشمان دەکرێ بەعەيارەی 200 ساڵ دوای ئيمڕۆکە ڕەفتار بکەين.

من لێرەدا خەريکم زاخاوی مێشکی خۆم بەيادی کەڵەمێردێکی وەکوو حەماغای غەفووری دەدەمەوە، ئەگەر پێم کرابايە فتيلە چرای هەموو پرشنگدارێکی کوردم لە دەسەڵاتدار و بێدەسەڵات خۆش دەکرد تاکوو لە ڕۆشنايی ئەوانەوە ڕۆڵەی نەوباوی کورد بەر هەنگاوی خۆی باشتر بديتايه، چونکە مرۆڤ بە شارەزابوون لە کەس و کاری خۆی بەڵەدتری حاڵی دنيا دەبێ.

 

حەمەغای گەورە