HQK_12

کتێب: حاجی قادری کۆیی
لە چاپکراوەکانی کۆڕی زانیاری کورد

v     بەرگی یەکەم : کۆری زانیاری کورد بەغداد- 1973، چاپخانەی کۆری زانیاری کورد. لە کتێبخانەی نیشتمانیدا ژمارەی 545 ی ساڵی 1973 ی دراوەتێ.

v     من مطبوعات المجمع العلمي الکردي، الحاج قادر الکویي، الجزء الأول، مسعود محمد. بغداد 1973

v     بەرگی دوەم: چاپخانەی کۆڕی زانیاری کورد - بەغدا 1974، لە کتێبخانەی نیشتمانیدا: ژمارەی 979ی ساڵی 1974ی دراوەتێ، نرخ 700 فلسە

v     من مطبوعات المجمع العلمي الکردي، الحاج قادر الکویي - الجزء الثاني، العضو العامل: مسعود محمد. مطبعة‌ المجمع العلمي الکردي - بغداد - 1974

v     بەرگی سێیەم: چاپخانەی کۆڕی زانیاری کورد بەغدا - بەغدا 1976

v     - من مطبوعات المجمع العلمي الکردي، الحاج قادر الکویي - الجزء الثالث، مسعود محمد. بغداد 1976

حاجی قادری کۆیی - سەرلەبەری 3بەرگ

 

 

لە بەرگی یەکەمەوە...

 

لام وایە کەم کەس هەبێ بەرهەڵستیم بکا لەوەدا کە بڵێم کورد بە درێژایی کاتێکی چەند هەزار ساڵەیی لێی دەوەشێتەوە میللەتی نموونەیی بووبێ لە هەژاری و کەم گوزەرانیدا. ئەوەی ڕاستی بێ لە کۆنێکی کۆنەوە، لەوەتەی مادەکان لێیان تێک چوە، کورد بۆی ڕێک نەکەوتوە وەک پوورەهەنگ وەیا شارەمێروو لە دەوری خۆی بئاڵێ و هەنگوین لە شانەی خۆی پەیدا کا یاخود دانەوێلەی دەرەوەی تێدا کۆ کاتەوە. مادەکانیش کە لە دەسەڵاتدار بوون ڕووپێوێکی کەمیان لە کوردستانی گەورە گرتبۆوە، بەڵام دەشیا ببن بە بنکە بۆ پێکهێنانی کیانێکی گەورەتری کورد... ئەمە ڕێک نەکەوت و لەوساوە بە جۆرێکی پچڕپچڕ و ناوناوە نەبێ کورد حوکمڕانی نەدیوە، وەک مەڕی بێ شوان و پەرژین بوە هەر لێی خوراوە.

 

سرنج بۆم دەردەخا، لەتۆشەوە دیارە، بە درێژایی چەند هەزار ساڵێک کوردستان کەوتۆتە نێوان سێ هێزی زلەوە. فەرمانڕەوایی ئێران و دەسەڵاتی بابل و ئاشوور و، بۆ ماوەیێک لەگەڵ ئەواندا ئینجا بە دوا ئەواندا دەسەڵاتی ڕۆمەکان. ئەم سێ ناوچە زلەی دەسەڵات کە کوردستانیان گرتۆتە نێوان خۆیانەوە، هەر یەکەیان بەرووبووم و داهاتی کەرتێک لە کوردستانی گەورەیان بۆ خۆیان ڕاکێشاوە و مەودایان نەداوە ئەو داهاتە لەکوردستان بمێنێتەوە و ببێ بە ماکی بنیادنانی دەسەڵات و حوکمڕانی. هەروەک ئاوڕێژی شاخەکانی کوردستان هەندێکی دەڕێژێتەوە ڕۆژهەڵات و بەرەو ئێران هەندێک ڕۆژئاوا بەرەو ئەنەدۆڵ، هەندێکیشی دەڕوا بەرەو دەشتی بابل و ئاشوور، هەروەها زوربەی بەرهەمی ئابووریی کوردستان بە درێژایی مێژوو ڕژاوەتە ئێران و ئەنادۆڵ و بابل و هیچی ئەوتۆی لە خاکی کوردستاندا بەجێ نەماوە. سێ مقناتیسی گەورە پیت و داهاتی کوردستانی بۆ خۆی کێشاوە، تا ئێستاش هەر دەیکێشێ. لە کوردستان سەرمایە پێک نەهات.

حاجی قادری کۆیی - بەرگی یەکەم


* * *

لە بەرگی دوەمەوە...

... دەوجا عەبدوڕڕەحمان پاشایێک لە ساڵی  1796  دا سنوور بۆ کوردستانی قەڵەمڕەوی بابان دانێ لە کتێبی وەک صحیح البخاری دا کە وا لە دوای قورئانەوە دێ، دەبێ وەک سروشێکی مێژووی حیساب کەین کە هەوەڵ بانگ هێشتنەکانی نیشتمانپەروەری ئەورووپای لەرزاندۆتەوە لە بەر گوێچکەی کوردەواریدا. لەمەڕا بۆ لێکدانەوەیێکی ئاسایی تریش دەڕۆین و دەڵێین کە حوکمداریی بابان بگاتە پلەیێک لە فکری سیاسی و هەستی کۆمەڵایەتی و نیشتمانی، شوێنی خۆی و بەرژەوەندی بنەماڵە و حکوومەتەکەی لە جغزی کوردایەتیدا بناسێتەوە و کێڵگەی ڕوانی ڕەگی خۆی بدۆزێتەوە کە کوردستانە، چاوەڕوان دەکرێ لە قۆناغ و زەرفی وەهادا بوێژی مەڵبەندی بابانیش بگاتە پلەی بەکارهێنانی زمانی مادەرزادی خۆی لە هەڵبەستدا. نالی و کوردی و سالم بەشێکی شاعیرییەتیان دەگاتە بەشێکی حوکمڕانی عەبدوڕڕەحمان پاشا.

دیمەنەکە زۆر ئاشکرایە هەر دەیەوێ پەنجەی بۆ ڕاکێشی: پەیدابوونی فکری سیاسی و هەستی نەتەوایەتی لای میری بابان بوو بە فەجری هەڵبەستی کوردی لای بوێژەکانی بابان. هەڵکەوت بە نیسبەت بوێژەوە هەر هێندە هاندەر بوو کە هەڵبەستی کوردی دانێ، جارێ مابووی بۆ ئەوتۆی فکری سیاسی خەست لەو هەڵکەوتەدا بڕوێ. لەو دەمەدا ژێرخان بۆ بوێژ هەر بایی ئەوەی بە بەرەوە بوو کە بەکارهێنانی زمانی کوردی بۆ بکا بە ژوورخان.  چ شوبهە نیە لەوەدا کە پاشای بابان لە ئاسۆیێکی بڵندترەوە سەیری جیهانی دەکرد تا بوێژەکانی دەوری خۆی، پتریش لەوان، لە تێکڕایان، خەریکی کاری وەها بوو لە ژیانی ڕۆژانەیدا کە وا بە مەیدان و بە قۆناغ لەوانی پێشتر خاتەوە.

 

بێگومان ئەو بوێژانەش ماوەیێکی پان لە پێش تێکڕای میللەتەوە دەهاتن. دەتوانم بڵێم بوێژەکان وەک ئاوێنە بوون کە ڕووناکایی بداتەوە: لەو ڕووناکاییەی لێیانەوە دیار بوو تیشکە هەرە درەخشانەکەیان دەدایەوە کە زمانی کوردی بوو. بە نیسبەت سالم ـەوە ئێش و ئازاری زەرفی تایبەتی خۆی کە وا کوتومت زامی دەخستە گۆشتی لەشیەوە لە ئەنجامی تێکچوونی حوکمداری بابان خەریک بوو لەو زەرفەدا لێڵایی دمەو بەیانی کوردایەتی جێ بهێڵێ و بگاتە بریق و باقی دمەو ڕۆژهەڵات. وەرامەکەی بۆ نامەی نالی و هەندێ لە هەڵبەستەکانی تری کە دادوبڕۆ دەکا لە دەست زوڵمی تورکان و دەربەدەربوونی ئەمیرەکانی بابان لەرزوتای کوردایەتییان تێدایە.

 

حاجی قادر بەر لە سەفەری بۆ تورکیا تەنها لە لایەن کاتەوە هاوچەرخی بوێژەکانی بابان بوو، کەمێکی کەم لەوان درەنگتر. لە لایەن باری مادییەوە وەک ئەوان بۆی ڕێک نەکەوت دراوسێی دەرک بە دەرکی ئەمیرێکی کورد بێ تاکوو لە تازیەدا تا فەلەک دەوری نەدا دانێ و لە نمایشی سپادا ئەم تاقمە مومتازە هەڵبەستێ. وەک ئەوان دەرباری ئەمیرێکی کورد لێی نەبوو بە ئاوێنە دیمەنی پێشکەوتنی فکری سیاسی لە جیهاندا دووبارە بکاتەوە بۆی. یارمەتیدەری تاک و تەنها و کوتومتی حاجی قادر بۆ گەیشتن بە پلە سەرەتاییەکانی فکرەی نیشتمانپەروەری، شاری کۆیێ و فراژی بوونی کۆیێ بوە لە ڕۆشنبیری و ژیاردا، جگە لە زەکا و بلیمەتی خۆی کە شتێک نیە بخرێتە ڕیزی دەوروبەر و زەرفی مادییەوە و حیسابی ئەوانی بۆ بکەین....

تایپ کردنەوە  مامۆستا کەریم دانشیار

حاجی قادری کۆیی - بەرگی دوەم

* * *

لە بەرگی سێیەمەوە...

... چارمان ناچارە، ئەی خوێنەری کورد، بۆ ڕوون کردنەوەی ڕابوردوی تاریکمان بست بە بستی (کات و جێگە- زمان و مکان) ی ئەو ڕابوردوە ناوکێڵ بکەینەوە و پێبەپێ لەو ناوکێڵ کردنەدا قووڵتر بینەوە بەڵکوو لە ئەنجامی لێکدانەوەی ورد و قووڵەوە بتوانین لە خۆمان بگەین و دەماری بەسترانەوەی ئێستاکەمان بە ڕابوردوومانەوە لە ژێر تەبەق ئەندەر تەبەقی فەرامۆشیی و لە ناوچوون و سەرگوم بوون و لەناوبردن و داپۆشین و یاساغ کردنەوە دەرکێشینەوە بۆ بەر تیشکی زانین و هەست. تۆ ئەگەر لە خۆت و نیشتیمانەکەت و میللەتەکەت و ئێستاکەت و ڕابوردوەکەت و دواڕۆژەکەت بەسەهو نەچوبیت، وەک نوێژ و ڕۆژووی مرۆڤی دیندار لەسەرتە، ڕاپەڕیت و قوماشی (خاک و مێژو) ت بە نوکی خامە ئەنجن ئەنجن بکەیت و هەڵیوەشێنیتەوە و تەقەڵەکانی لەبەر یەکتر بەریت و بچیتە ناو ڕایەڵە و تانوپۆیەوە تا تێیان دەگەیت و وەک خۆراکی هەزمکراو دەیان کەیت بە بەشێکی بنجیی لە سەقافەتت.  بەڕاستی و بێ وشەکاری و موبالەغە، مرۆڤ- کە تۆیت- هەستی ڕاست و تەواو بە بوونی خۆی ناکات ئەگەر نەزانێ چ جۆرە هەناوێک و منداڵدانێک زات و گیان و لەش و هۆش و هەست و نەستی گووراندوە. مرۆڤی لە خۆنەگەییشتوو و لە مێژوو بەسەهو چوو ڕەگ لە میللەت و مەفتەنی خۆی دانکوتێت و پێوەندی پێیانەوە ئەوە نابێ کە لە بەردەمی تیغی بڕندەی ڕۆژگاردا خۆی ڕاگرێت. مرۆڤی بێ ڕەگی پێوەندیی بە ڕابوردووی دێرینەی میللەتەکەیەوە دەبێتە مێوانی وەخت و سەعات، هەر تێی ڕاخوڕن وەک مێوانی ئوتێل نیشیمەنەکەی چۆڵ دەکات....

حاجی قادری کۆیی - بەرگی سێیەم