«گەشتی ژیانم» بیرەوەییەکانی مامۆستا مەسعوود محەمەده. وردەکارییەکی زۆر تایبەت دەربارەی باری کۆمەڵایەتی، مەیدانی فیکر و ڕەوتی سیاسەتی ئەو دەمەی کوردستان بەشێکی بەرچاوی ئەم گەشتەن. باس کردنی ئەو ڕووداوانە بەم خامە ڕاستگۆیەی مامۆستا ئەم بەرهەمە دەکاتە شکارێکی نایاب و سەرچاوەیەکی هەرە بەرزی بواری خۆی.

v        یەکەم ئاڵقەی ئەم گەشتە، لە ژمارە 103-104 ی گۆڤاری «ڕۆشنبیری نوێ» ی 1984 دا بڵاو کرایەوە و پاشان ئاڵقە ئاڵقە زنجیرەیان بەست.

v        ساڵی 1992 لە ستۆکهۆڵم وتارەکان لە یەک کتێبدا کۆ کرانەوە و چاپ کران.

v        ساڵی 1994 لە کوردستان چاپی دوەمی دەرچوو. پاش ئەو چاپە، نووسەر بە سەرلەبەری کتێبەکەدا چۆوە و زانیاری دیکەی خستە سەر. ئەوجا لە سایتی مامۆستادا خرایە ئینتەرنێتەوە.

v        ساڵی 2009 لە کۆیە چاپی سێیەمی بڵاوکرایەوە‌.

v        ساڵی 2014 «گەشتی ژیانم» سەرلەنوێ لەلایەن سایتی مامۆستاوە تایپ کرایەوە.

گەشتی ژیانم

 


 

«... بەڵام لە قسەی یەکێک لەو براگەورانە کە باسی کوشتنی «سدیق بەگ»ی بە بێباکی و زەردەخەنەوە کرد، وازم لە حیکایەتی بەغدا هێنا و ڕووم کردە ئەو کەسە و گوتم: تۆ بەڕاستیتە وەها بەسووکی باسی ئەو کوشتنە دەکەیت؟ ئەو کەسە و جەماعەتەکەش قسەکەمیان بەلاوە سەیر بوو چونکە سدیق بەگ کەسێک بوو لە ڕیزی عەشیرەتەکان دەرچووبوو بەو ترازانەی بەر لە ساڵیکی لە کۆمەڵگەی براگەورەکان کە زێدە لە هەموان ئەو سەردانی عەبدولکەریمی کرد.

گوتم براینە، خزمینە، دۆستینە! ئەگەر لە پێشەوە ئاگربڕی نەکەن تاکێکتان لە چارەنووسی سدیق بەگ ڕزگار نابێت. ئەمە تەپکەیە بۆ هەمووتان نراوەتەوە لە کوێ نووستوون؟

کە وەهام گوت هۆشیان هاتەوە بەرێ دەتگوت کوتکیان لە کەللە دراوە و وڕ بوون. ڕووم لە عەباساغا کرد پێم گوت، ئاگات لە خۆت بێت بەرقیە هاتووە بۆ ئیدارەی ڕانیە کە کاوانییەکان بۆ لای تۆ هاتوون، بڕوا بکەن ڕەنگی تێکچوو. گوتیان چی بە مسڵەحەت دەزانیت بیکەین؟ گوتم وەفدێک ڕێک بیەخەن، نوێنەری پژدەر و بەردەر بێت، لەگەڵ شێخ خدری خاڵم بێن بۆ کۆیێ، منیش لەگەڵیان دەچم بۆ سەرەخۆشی کردن لە ماڵی قادر بەگ. لەوێوە ئەو وەفدە قسەی خۆی بە مەلا مستەفا بگەیەنێت کە بەم کوشتنە ڕازی نین و پێویستە نوێنەری کوردایەتی سەرەخۆشی لە تازیەدارانی سدیق بەگ بکات و چی دیکەی وەهاشی بە دوادا نەیەت.

قسەکەم پەسەند کرا و من گیر نەبووم گەڕامەوە کۆیێ.

سبەی عەسر خاڵە خدرم و سێ کەس کە نوێنەری ئاکۆ و بڵباس و بیتوێن و سەرلەبەری ناوچەکە بوون گەییشتن. من پێشتر بروسکەی سەرەخۆشیم بۆ عومەر بەگ و عوسمان بەگی برایانی سدیق بەگ لێ دابوو. ئەوەشەوە تێپەڕی، سبەینێ هەر پێنجمان مەیلەو زوو بە ڕێ کەوتین. لە شەقڵاوە دوای فاتیحە خوێندن ئێمە و فەتاحاغای هەرکی کە دۆست و خزمی ژن بە ژنەی ماڵی قادر بەگ بوو لەگەڵ عومەر بەگ و عوسمان بەگ جودا بووینەوە، چی مەبەست بوو لە هاتنی جەماعەت بۆ سەر تازیەکە ڕوون کرایەوە.


 

عەسری دابوو من گەڕامەوە بۆ کوێی و خاڵە خدرم و هاوڕێکانیشی بەرەو مەلا مستەفا چوون. دوای دوو ڕۆژ خاڵم و هاوڕێکانی گەڕانەوە. شەوێکم لا مانەوە، بە درێژی باسی سەفەرەکەیان و وتووێژێکی کردبوویان بۆمیان گێڕایەوە. ئەو دەسەڵاتە وەهای ڕانواندبوو کە ئەویش کارەساتەکەی لێ گران هاتووە، نوێنەری نارد بۆ پرسە کردن لە تازیەدارەکان. بەڵام لە سەرچاوەی باوەڕ پێکراوەوەم زانی کە چەندوچۆنی مەسەلەکە بە باری دیکەدا بووە.

من لەم ماندوو بوونەوە و خۆ خەریک کردنە بەرژەوەندێکی خۆمم ڕەچاو نەکردبوو، بە عەکسەوە لە زەرەر بەولاوە هیچی تێدا نەبوو بۆ من. لەو هاتوچۆیەی بەغدا و ڕانیە و شەقڵاوە هەر هێندەم قازانچ کرد بڕە مەڕێکم هەبوو فرۆشتم و کردم بە مەسرەف. ئەوەی من بە چاومەوە گرتبوو لە بەرهەڵستی کردنی کوشتن و سووتاندن و دووبەرەکی و شەڕی چینایەتی و عەشیرەتایەتی و حەسوودی و سوودی شەخسی قەناعەتێک بوو، ڕەنگە لە خۆم بەولاوە جارێ لای هیچ کوردێک پەیدا نەبووبوو. من بە ڕوونی دەمدیت و دەمزانی حاڵوباری کورد بە بەریەوە نییە فلسێکی بێجێ سەرف بکات و دڵۆپە خوێنێکی خۆڕایی خۆی بڕێژێت و یەک سەعات گوزەرانی بە فیڕۆ بدات بۆ دابین کردنی مەیلی بیژۆک.»


 

لەوەتەی پەیمانی سیڤەر پووچابۆوە و شۆڕشی شێخ سەعیدی پیران کوژابۆوە دەبوو نەخشەی چالاکیی سیاسی کوردی ڕابەر پاراستنی کورد بێت. ئنجا ئەگەر لەبەر خاتری خاترداران بشسەلمێنم کە ئەو بژووتنەوانەی سەر بە ڕاپەڕینی قەومایەتیی دژی دامودەزگای ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کەوا لەسەر پرۆژەی بەرژەوەندی هێزە زلەکانی ئەورووپا دامەزرابوو، ئا ئەو بزووتنەوە خوێناویانە پێویست بوو بۆ بە ئیسپات گەیاندنی گیانی نەتەوایەتیی کورد، خۆ براکوژیی ناوخۆیی و دووبەرەکی و یەکدی بڕاندنەوە لێکدی تاسپ بوون و تێکژەنینی نامەردانە و شەوکوێرانە لە وەهم و خەیاڵیشدا بە چاکەی کورد تەواو نەدەبوو

 

 

 

 

 

 

 

 

 

... ...