مەسعوود محەمەد
چارەسەر کردنی گیروگرفتەکانی ڕێنووس و ئەلفوبێی کوردی

وەشانی یەکەم: گۆڤاری کۆڕی زانیاری عێراق دەستەی کورد، بەرگی نۆهەم، ساڵی 1982

وەشانی دووم: سایتی www.mamosta.net ساڵی 2009

 

ئاخیوەری سلێمانی لە هەندێ شوێنی ئاخاوتندا زیادییەک دەخاتە کۆتایی وشەوە وەک زیادیی وانێ‌‌‌ بە دوا کار و دەستەی ناودا. من بەش بە حاڵی خۆم تا ئێستا لە کەسم نەبیستووە و نەشمخوێندۆتەوە لە بنەچەک و سەرچاوەی ئەم زیادییەی کۆڵیبێتەوە. ئەوەندی نووسینی کۆنی سەر بە زمانە ئێرانیەکانیشم هاتبێتە بەرچاو نەمدیتوە شتێکی وەک وانێ‌‌‌ باو بووبێت، وەک بشزانم تەنها لە سلێمانی و شوێنی لەوەوە نزیک بەکاردێت، ڕەنگە ڕاستیش بێ بگوترێ فەرق بە کەم بوونەوەی دەکرێ نەک بە زیاد بوونی بە تایبەتی لە نووسیندا.

هەرچەند لە زۆر حاڵ و باری تایبەتیدا حەز لە بیستنی ئەم وانێ‌‌‌یە دەکەم، وەک کە گوێم لێ دەبوو لە چیرۆکە تەمسیلیەکانی ڕەفیق چالاک بە جۆری ڕەزا سوک لە دەمی ئاکتۆرەکان دەهاتە دەرەوە، دیسانەوە بە بارگرانییەکی بێلزومی دەبینم بەسەر نووسینی ئەدەبیمانەوە. جگە لەو گرانی و بێلزومیە دەشبێتە ئەزمونێکی ئەبەدی بۆ دانیشتوی دەرەوەی سلێمانی کە هەتاهەتایی زمانناسیی خۆی تێدا تاقی بکاتەوە لەوانەیشە دوای مەشق و خۆڕاهێنان ئنجا بڵێ چەند خۆشە بەهارەوانێ، دەچم بۆ کڕینی میوەوانێ...‌‌‌.

زیادیەکی دیکە ئەو ر‌‌‌ە لاوازەیە دەچێتە کۆتایی ڕێژە ئەمری وەک بچۆرەوە، بممەرەوە‌. ئەوەی سەرنج ڕادەکێشی نەهاتنی ر‌‌‌ەکەیە لە کۆتایی غەیری ئەم ڕێژەیەدا هەرچەند پاشگرەکەشی پێوەبێ دەگوترێ چۆوە، ئەچێتەوە، ئەمماتەوە، ئەیخوێندەوە...‌‌‌ فیعلی وەک بممەرێ‌‌‌، مەمخەرە هاوییەی هەولی فیراق‌‌‌یش هەر لەم بابەتەیه، وەک دەبینین نەهیش وەک ئەمر وایە...

ئەم زیادییەش سەرچاوەی ڕوونی نییە و هەر لە سلێمانیش باوە. بێگومان ئەمیش وەک وانێ‌‌‌ هەقی بەسەر نووسینی ئەدەبی یەکگرتوەوە نییە و ناشێ بەسەر هەموو کورددا بسەپێ.

 

چارەسەر کردنی گیروگرفتەکانی ڕێنووس و ئەلفوبێی کوردی