«بۆ گورباشۆڤی مەزن: لەگەڵ سڵاو و هیواخوازیدا»

وەرگێڕانی لە عەرەبییەوە: حەکیم کاکەوەیس
حەساری گەورە، کەرکووک، کوردستان 2013
دیزاینی بەرگ: محەمەد زانکۆ

 

«... ئەگەر بە پێی بۆچوونی سەرجەمی مرۆڤایەتی لستی ئەو تاوانە گەورانەی کە ستالین ئەنجامی داوون خۆبەخۆ بەشی ئەوە بکات سەد ستالینی پێ تاوانبار بکرێ، ئەوا موعامەلە دۆڕاوە بچووکەکەی لەگەڵ «قەوام سەڵتەنە» کە هەردوو کۆماری «مەهاباد» و «ئازربایجان» بەرانبەر بەشێکی نەوتی ناوچەکەیەکی سەر بە مەهابادی کوردی پێ کران بە قوربانی و ئەنجامیش ئیعدامکردنی قازی محەمەد و هاوڕێکانی بوو لە «چوارچرا»، سووتانەکەی زیاتر کرد و بۆنی گۆشتی برژاوی کوردی درێژتر کردەوە لە سەر پشکۆی ئاگردانەکەی ستالین کە لە هەندێ ڕۆژگاری ساردی دۆڕاندندا بەرانبەر سەڵتەنە خۆی لەبەر گەرم دەکردەوە. گەورەیی کارەساتی نەتەوەیی لە لێقەومانی مەهاباددا ئەوە تاکە دڵنەواییەکەی بوو کە ستالین لە موعامەلەکردنی لە سەر کوردستان و ئازربایجان، دۆڕاندی چونکە لەگەڵ ئەو شێوە ناشرینە تێکچووەی ڕێکەوتنە سووکەشدا تێکۆشەری کوردی چەکدار بە بیری چینایەتی و دەروێشی وەهمی ئومەمییەت، لە سەر تاڵانفرۆشی کوردستان، سوور بوون لە سەر پێداهەڵدانی ستالین بەو حیسابەی بۆ پاراستنی ئاشتی جیهانی، لە پێناوی گشتدا قوربانی بە بەشێک داوە. ئەگەر لە ئاینی ئومەمییەتدا خوایەتی ستالین دوای دۆڕاندنی ئەو موعامەلەیە لای کورد سەلما بێ و دیسان بە خوێنی شەهیدانی مەهاباد ڕەنگ کرابێ، ئەی ئەگەر موعامەلە نەوتییەکە سەرکەوتوو بوایە و ببوایەتە بەڵگەی عەبقەرێتی و زیرەکی و گەورەیی زانیاری و سوارچاکی، باوکی گەلان و برای گەورە و هەرە پیرۆزی تێکۆشەرانی پێشکەوتوو، «ستالین»ی بەخشندە و میهرەبان و زانا، لە خوایەتی و یەکایەتی و تاقانەییدا بە کوێ دەگەیشت؟ لەبەر ئەوە، دۆڕاندنەکەی بوو بە تاکە دڵخۆشیمان».

«بۆ گورباشۆڤی مەزن: لەگەڵ سڵاو و هیواخوازیدا»

 

 

مسعود محمد
«إلی العظیم غورباتشوف: تحیة ورجاء»
بغداد –
1988، رقم الایداع في دار الکتب والوثائق 1253 لسنة 1988