مەسعوود محەمەد
بۆ ئەمیری حەسەنپوور لە هەر کوێیەک بێت!
دەزگای ڕۆشنبیری و بڵاوکردنەوەی کوردی
وەزارەتی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن
کۆماری عیراق، بەغدا
1984

 

BoEmiriHhesenpu_20100922_1.jpg... لەو چەند دێرە ئامۆژناکەیدا کە داوامان لێدەکا ژێربەنا و ڕووبەنا ژێرخان و ژوورخان‌ تێکەڵ بەیەکدی نەکەین ڕوومان بەرەو دەستوورێک دەکا کە دەمانگەیێنێتە ئاکامی ئەوتۆ کە مامۆستا ئەمیر نایەوێ لە خەون و خەیاڵیشدا بیانسەلمێنێ: کە پێت بڵێم ماهیه و عرض ی مرۆڤەکە خۆی تێکەڵ مەکە یەکسەر دەرەبەگ و جووتیار و پارەدار و کرێکار و داگیرکەر و داگیرکراو و عەبد و خاوەنەکەی هەموویان دەچنە ژێر یەک سەرەناوەوە چونکە ماهیهی هەموویان مرۆڤایەتیه ‌هەرچی پارە و موڵکداری و داگیر کردن و ئازادی و عەبدایەتی و ئەو جۆرە خەسڵەتانە هەیە هەموویان عرض‌ ن و لە لاوە هاتوونەتە سەر مرۆڤەکەوە. بە تەواوی وەک کە مامۆستا ئەمیر دەیەوێ لێی بسەلمێنینماهیهی دەرەبەگایەتی کورد و فارس و ئینگلیز یەک چشتە و بەوە لەیەکدی ناترازێن کە عرضی وەک ئایین و ئەدەب و هەژاری و سامانداری و داد و ستەم و پێشکەوتن و پاشکەوتن و دەسەڵات و ژێردەستی لە کوردەوە بۆ ئەڵمان دەگۆڕێن...

 

زۆراب ى جوتیارى دەشتى هەریر یش کە لەوەتەى سۆمەر و ئاکادەوە بەدوا کلکى گاڕەشدا گیانى خۆى تێکەڵ بە خەتە جووتى ناچارییەوە دەکات و ئێواران وەک دەستى کەر لە کونە بۆقڕێکى کێچاوى دوکەڵاوى بێ ڕایەخ و بێ خۆراک سەلار دەبێتەوە لەگەڵ کامووسى مێردەزمە تێک دەئاڵێن، ئا ئەم زۆرابە هاوڕى و هاوچین و هاوچارەنووسى هانز ى لێخوڕى تراکتۆرى دەورەى مۆنیخ ــە کە دواى بەسەرچوونى فەرمانى ڕۆژانەى بە سوراى ئۆتۆمۆمبیلى خۆى دەچێتە هۆڵى مەستى و دڵدارى و گۆرانى و دانس چونکە ماهیهى هەردوویان ڕەنجبەرى و کرێ گرتەیى یە لەوە بەو لاوە کونە بۆقڕ و تەلار و هەژارى و تێرى و پڕ زۆڵى و پۆشتەیى و سەرانگوێلک و هۆڵى دانس هەموویان عرضن بایى سەرى دەرزى ئەم دوو هاوڕێیە، هاوچارەنووسە، هاودژومنە، هاو نازانم چییه لە یەکدى جودا ناکاتەوە، تەنانەت ئەو ڕاستیەى کە هانز بێزیشى نایەت لەگەڵ ئاغاکەى زۆرابدا تۆقە بکات نەکا دەستکێشەکەى بگۆنێ، ئەویش ڕاستیەکى عرضیە کار ناکاتە سەر جوداوازى چینایەتى نێوانیانەوە، لەوەدا کە هانز چەوسێنراوه و خوێنمژراوە ئاغاکەى زۆرابیش خوێنمژ و چەوسێنەرەوەیە هەرچەند لەوانەیە کچى خۆیشى لە زۆرابى خوێنمژراو ماره بکات.

بۆ ئەمیری حەسەنپوور لە هەر کوێیەک بێت!

...